چەند جیاوازییەکی نێوان ژنان و پیاوان لە هەستەکانیان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-06-21:42:00 - کۆدی بابەت: 4225
چەند جیاوازییەکی نێوان ژنان و پیاوان لە هەستەکانیان
زانیاری هەمەڕەنگی فێربوون

لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٢دا لە زانکۆی نیۆیۆرک ئەنجامدرا، ژنان وردترن لە هەڵبژاردنی ڕەنگەکاندا و زیاتر ئەیانناسنەوە تا پیاوان

ناوه‌ڕۆك

جیاوازی ژنان و پیاوان

ژنان و پیاوان چ لە ڕوانگەی دەرونییەوە و چ لە ڕوانگەی بایۆلۆجییەوە جیاوازی زۆریان هەیە، پێنج هەستەکە نموونەیەکە بۆ ئەم جیاوازیانە، ژنان کەسانێکی هەستیارترن، لە ڕاستیدا ژنان هەستێکی بەهێزیان هەیە لە بۆن و بیستن و بینیندا و هەروەها لە دیاریکردنی ڕەنگەکاندا وردترن، سەرنجڕاکێشیەکەی لەوەدایە کە تا ئێستاش هۆکاری زۆرینەی لەمانە ڕوون نەبووەتەوە.

بینین

لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٢دا لە زانکۆی نیۆیۆرک ئەنجامدرا، ژنان وردترن لە هەڵبژاردنی ڕەنگەکاندا و زیاتر ئەیانناسنەوە تا پیاوان، لەڕاستیدا ژنان ڕەنگەکانی (سوور، سەوز، زەرد، شین) زۆر باشتر دەناسنەوە لە پیاوان و توانایەکی باشتریان هەیە، هەروەها ئەگەری ڕەنگکوێری لە پیاواندا زیاترە وەک لە ژنان کە ئەمەش هۆکارێکی جیناتییە.
هەڵبەتە پیاوان توانایەکی باشتریان هەیە لە ناسینەوە و درکپێکردنی جوڵەی خێرا و لەناکاو و کە ئەمەش دەتوانرێت تایبەتمەندیەکی باشی پیاوان بێت. 

دەست لێدان

لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠٩ لە گۆڤاری (نیورساینس) بڵاوکرایەوە، ئەو کەسانەی کە پەنجەی بچوکیان هەستی دەست لێدانی باشتریان هەیە، وە زۆرینەی ژنانیش دەست و پەنجەیان بچوکترە لە پیاوان و ئەمە خۆی بە تایبەتمەندی پیاوان لە قەڵەم دەدرێت دەستیان گەورە بێت، دکتۆر (ئوتان لێرن) دکتۆری نەخۆشخانەی گشتی (ماساچوست) لەم بارەیەوە دەڵێت : (ئەم لێکۆڵینەوە لەسەر بنەمای سەری پەنجەکان کراوە هەر بۆیە ئەگەر پیاوێک وەک ژنان خاوەنی پەنجەی بچوک بێت بەدڵنییایەوە هەستێکی دەست لێدانی بەهێزتری هەیە لە ژنێک کە پەنجەی گەورەتر بێت لە هی ئەو)

بیستن

لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی لێکۆڵەرانی زانکۆی (جان هاپکینز) لەساڵی ٢٠٠٨دا، پیاوان پێنج و نیو ئەوەندەی ژنان ئەگەریان زیاترە بۆ ئەوەی کە زووتر هەستی بیستنیان لاواز ببێت و لەدەستی بدەن، ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە کوڕ و کچ لەکاتی لە دایکبوونیاندا هیچ جیاوازیەکیان نییە لە ڕوانگەی بیستنەوە، لێکۆڵەران لەسەر ئەو ڕایە کۆکن کە هۆکاری ژینگەیی و کاری زۆر کاریگەری هەیە وەک جگەرە کێشان، زۆر مانەوە لە شوێنی دەنگە دەنگدا و دەنگی ناخۆش و بەرز هەروەها کێشەکانی نەخۆشی دڵیش کە زیاتر تووشی پیاوان دەبێتەوە کاریگەری هەیە لەسەر بیستن.

بۆنکردن

خوێندکارانی زانکۆ لە ساڵەکانی پێشوودا گەشتنە ئەو ئەنجامەی کە ژنان بەرامبەر بە پیاوان توانایەکی باشتریان هەیە بۆ بۆکردن و دیاریکردنی بۆنەکان و عەتریشدا، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی ئێستا دەریدەخات کە ئەم جیاوازییە ڕوونکردنەوەیەکی بایۆلۆجی هەیە، لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکان: (مێشکی ژنان بە ڕێژەیەکی مامناوەندی ٪٤٢ خانەی زیاتر و بە نزیکەیی ٪٥٠ neuronـی زیاتری هەیە لە سەنتەرەکانی ناوچەی بۆندا لە مێشکدا، هەڵبەتە نوسەرەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە دڵنیا نین کە ڕێژەی بەرزی خانەکان بەرپرسی توانایی باشتری ژنان بێت بۆ بۆنکردن بەڵام دەکرێت کاریگەری هەبێت.


چەشتن

بە سەرنجدان لەسەر تام و بۆن، جێگای سەرسوڕمان نییە کە ژنان هەستی تامکردنیان زیاتر بێت لە پیاوان، لە ڕاستیدا لێکۆڵەرانی زانکۆی (یال) دتڵێن کە ژنان بەراورد بەپیاوان شتانێکی زیاتر و وردتر لەسەر زمانیان هەست پێ دەکەن و تامی دەکەن، دەروبەری ٪٣٥ ژنان و تەنها ٪١٥ پیاوان هەستی تامکردنێکی زۆر تایبەت و نایابیان هەیە، بەو واتایەی کە تاڵ و ترش و شیرین و جوانتر هەست پێدەکەن بە بەرامبەر بەوانی تر

خاڵێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەو ژنانەی کە دووگیانن هەستی تامکردنیان زۆر بەهێزترە لە خانمانی تر و بەدرێژایی ماوەی دووگیانی ئەم هەستەیان زیاتر دەبێت


سەرچاوەکان



540 بینین